باڵنده‌ی گۆشتخۆر به هێزی باڵه‌کانیه‌وه ده‌فڕێ و نێچیره‌کانی راو ده‌کات
رێکار ئه‌حمه‌د
ئه‌گه‌ر هه‌ر باڵنده‌یه‌کی گۆشتخۆر وه‌ربگرین ، ده‌بینین به هێزی باڵه‌کانیه‌وه هه‌ڵده‌فڕێ و گوژمی نێچیره‌کانی ده‌کات ، به چڕنووکه‌کانی خۆیه‌وه نێچیره‌کانی ده‌گرێ و به ده‌نووکی تیکه تیکه‌ی ده‌کات و ده‌یخوات ، جا ئه‌گه‌ر جه‌سته‌ی حکومه‌ت به باڵنده‌یه‌کی گۆشتخۆر بچوێنین ( که زۆربه‌ی حکومه‌ته‌کان ئارمی خۆیان له وێنه‌ی باڵنده‌ی گۆشخۆر وه‌رگرتووه ) ده‌کرێ بڵێین که سه‌رکرده‌کانی حزبه ده‌سته‌ڵاتداره‌کان که‌لله‌سه‌ر، حزبه ده‌سته‌ڵاتداره‌کان ده‌نووک ، یاسا و هێزه‌کانی نێوه‌خۆ چڕنووک و حزبه هاوپه‌یمانه‌کانیش په‌ڕو باڵی ئه‌و باڵنده‌یه‌ن که له جیاتی پارێزگاری له به‌رژه‌وه‌نده باڵاکانی گه‌ل و نیشتمان بکات، هێرش و په‌لامار بۆ سه‌ر جه‌سته‌ی نیشتمان ده‌بات ، سه‌روه‌ت و سامانی گه‌ل و وڵات هه‌ڵده‌گرێ و بۆ خۆی گلی ده‌داته‌وه ، لێره‌دا ده‌رده‌که‌وێ که ئه‌گه‌ر ئه‌و باڵنده‌یه په‌ڕو باڵی نه‌بێ نه‌ک ناتوانێ په‌لاماری نێچیره‌کانی بدات ، به‌ڵکو ده‌قڕمێ، له‌بن پێیان ده‌خوسێته‌وه و توانای لڤین و فڕینی نامێنێ
چۆن باڵنده‌ی گۆشتخۆر بۆ خۆداپۆشین پێویستی به په‌ڕی چڕ ، بۆ درێژه‌دان به هه‌ڵفڕێن پێویستی به باڵی به‌هێز ، بۆ گرتنی نێچیره‌کانی پێویستی به چرنووکی تیژ و بۆ خواردنیش پێویستی به ده‌نووکی بڕه‌ڕ هه‌یه ، ئاواش حکومه‌تی خۆویست پێویستی به حزبی ده‌سته‌مۆ و به یاسای داڕێژراو و هێزی نێوه‌خۆی به‌رفه‌رمان هه‌یه ، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا به‌راورد بکه‌ین ، ده‌بینین که سه‌ربه‌خۆیی بڕیاری حکومه‌تی هه‌رێم له‌لایه‌ن سه‌رکرده‌ی حزبه به‌هێزه‌کانه‌وه زه‌وت کراوه ، هێزه هاوپه‌یمانه‌کانی ئه‌و حزبانه‌ش باوه‌شێنه‌ی سیاسه‌تی حزبه ده‌سته‌ڵاتداره‌کان ده‌که‌ن ، له‌به‌رچاوی دۆست و نه‌یارو هاوڕکدا ده‌یپارێزن ، ئه‌و یاسایه‌ی که پارله‌مانی ویست لێسه‌ندراویش له‌ژێر رۆشنایی و فه‌رمانی سه‌رکرده‌کانه‌وه ده‌ریان ده‌کات، پاساوی ده‌ستی ده‌سته‌ڵاتن و به‌وهۆیه‌وه درێژه به فه‌رمانڕه‌وایی ده‌ده‌ن ، نه‌یار و هاوڕکانی خۆیانی پێ چاوترسێن ده‌که‌ن ، به‌و یاسایه‌شه‌وه رێگه بۆ خۆسه‌پاندن خۆش ده‌که‌ون و داهاتووی خۆیان تۆکمه‌و ئه‌ستوورتر ده‌که‌ن
ئه‌گه‌ر له هه‌ر باڵنده‌یه‌کی گۆشتخۆر ورد بینه‌وه ، ده‌بینین هه‌وڵی شێلگیرانه بۆ هێشتنه‌وه‌و به هێزبوونی باڵه‌کانی خۆی ده‌دات ، لێبڕاوانه ده‌یه‌وێ ده‌نووک و چڕنووکه‌کانی به تیژی بمێننه‌وه ، جارجاره به ده‌نووکی بن باڵه‌کانی ده‌خورێنێ و پاکیان ده‌کاته‌وه ، حکومه‌تیش ئاوایه ده‌یه‌وێ حزبه ده‌سته‌مۆکانی بمێنن و له نێو نه‌چن ، بۆئه‌مه‌ش هاوکاریان ده‌کات ، ده‌یانپارێزێ و جێگه‌و پێگه‌یان بۆ دابین ده‌کات ، پیرۆزییان بۆ داده‌تاشێ . حکومه‌ت داموده‌زگه‌کانی خۆی بۆ ئه‌ندامانی حزبی ده‌سته‌ڵاتدار پاوان کردووه ، پله‌و پایه‌ی پێداون ، مووچه‌ی باش و زێده‌مافی بۆ ده‌سته‌به‌ر کردوون ، ئه‌وانه‌ی له‌لایه‌ن حزبه ده‌سته‌ڵاتداره‌کانه‌وه پاڵپشتی نه‌کرێن له پۆلیس و ئاسایش و هێزه‌کانی دیکه‌ی چه‌کدار وه‌رناگیرێن ، به‌وهۆیه‌شه‌وه سه‌رکرده‌کان له پۆستی فه‌رمانڕه‌وایی ده‌مێننه‌وه ، حزبیش وه‌ک شێوازێکی خزمه‌تکردن بۆ سه‌رکرده و ئه‌ندامانی خۆی رۆبۆت ئاسا ره‌فتار ده‌کات
مێژووی ساڵانی شه‌ڕی نێوه‌خۆ که دوو سه‌نگه‌ری لێوه‌به‌رهه‌م هاتبوو، حزبه ده‌سته‌مۆکانی به‌سه‌ر سه‌نگه‌ره‌کان دابه‌ش کردبوو ، هه‌م پشتیوانیان له سه‌نگه‌کانی شه‌ڕی نێوه‌خۆ ده‌کرد، هه‌م به‌رژه‌وه‌نده‌کانی خۆشیان مسۆگه‌ر ده‌کرد ، دوای ئاشتبوونه‌وه‌ی نێوان سه‌رکردایه‌تی هه‌ردوو هێزه به‌شه‌ڕ هاتووه‌که ، بینیمان لایه‌نه پارسه‌نگه‌کانی سه‌نگه‌ره‌کان له‌لایه‌ن سه‌نگه‌ره‌که‌ی به‌رانبه‌ره‌وه زۆر به گه‌رمیه‌وه پێشوازیان لێکراو باوه‌شیان بۆ گیرایه‌وه ، ئه‌وانه‌ی چالاکانه به‌شداریان له شه‌ڕی نێوه‌خۆ کردبوو ، رێزیان لێ‌گیراو پاداشتیان پێدرایه‌وه ، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ که حزبه ده‌سته‌ڵاتداره‌کان بۆ به‌رده‌وامکردنی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی خۆیان ئاماده‌ن پشک و زێده‌ماف به به‌شدارانی شه‌ڕی نێوه‌خۆ بده‌ن
حزبه باڵا ده‌سته‌کانی کوردستان له‌هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان و عێراقدا کورسیان به‌سه‌ر حزبه ده‌سته‌مۆکان دا به‌خشییه‌وه ، به‌وهۆیه‌وه پۆستی حکومه‌ت و داموده‌زگاکانیان پێدان ، بودجه‌ی تایبه‌ت و ئه‌ستووریان بۆ دابین کردن ، کار به‌وه‌شه‌وه نه‌وه‌ستا له کۆدێتای سه‌ر پڕۆسه‌ی دیموکراسی ، له‌کاتی پێکهێنانی ئه‌نجوومه‌نی باڵای پارته سیاسیه‌کانی کوردستان جارێکی دیکه حزبه ده‌سته‌مۆکانیان له‌بیر نه‌کرد ، جێگه‌یان بۆ کردنه‌وه ، به‌و هۆیه‌شه‌وه پله‌وپایه‌ی مه‌عنه‌ویان بۆ گه‌وره ده‌که‌نه‌وه ، سه‌رنجی خه‌ڵک بۆ لای خۆیان و بۆ هاوپه‌یمانه‌کانیان راده‌کێشنه‌وه . ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه که حزبه ده‌سته‌ڵاتداره‌کان هه‌وڵی زیندوو کردنه‌وه‌و به‌هێزکردنه‌وه‌ی ئه‌و حزبانه ده‌ده‌ن که له خولگه‌ی ئه‌واندا ده‌خولێنه‌وه ، سیمای ئه‌وان ئارایش ده‌که‌ن و به جوانترین شێوه پێشانی ده‌ده‌ن
ئه‌وه‌ی به ویژدانه‌وه له ره‌وشی ئێستای کوردستان و ره‌فتاره‌کانی ده‌سته‌ڵاتدارانی کوردستان بڕوانێ ، بۆی ده‌رده‌که‌وێ که زۆر زیره‌کانه به پشتیوانی حزبه ده‌سته‌مۆکانه‌وه کایه‌ی دیموکراسی ده‌شێوێنن و له مه‌یدانی ته‌کانه‌ییدا ته‌ڕاتێنی ده‌که‌ن ، بێگومان ئه‌مه‌ش تا سه‌ر ئێسکان له‌به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حزب و سه‌رکرده‌کانی دایه ، ته‌واو پێچه‌وانه‌ی خواست و ماف و به‌رژه‌وه‌نده‌کانی گه‌لی کوردستانه ، به‌ڵام تا جه‌ماوه‌ر ئاوا که‌مته‌رخه‌م و خه‌مساردانه له چاره‌نووس و داهاتووی خۆی بڕوانێ ، تا رۆشنبیران له‌به‌رانبه‌ر گه‌رده‌لوولی تۆزاوی ده‌سته‌ڵاتداران ده‌ست به چاوانیانه‌وه بگرن ، تا هێزێکی بوێر‌و راستوێژ په‌یامی راستین هه‌ڵنه‌گرێ و راشکاوانه ده‌نگی نه‌رێ به‌رز نه‌کاته‌وه ، له‌وانه‌یه ئه‌م سیاسه‌تی خاپاندن و فریودانه هه‌ر درێژه‌ی هه‌بێ
کورد ده‌ڵێ : ته‌مه‌نی تاریکه‌شه‌و چه‌نده درێژ‌و ترسناک بێ ، ناتوانێ رێگه له هاتنی تیشکی خۆر بگرێ ، سه‌ره‌نجام خۆر له‌که‌ل هه‌ڵدێ و و ئاسمانی وڵات رووناک ده‌کاته‌وه
31-3-2007
rekarahmed@hotmail.com