جێمدەهێڵن!

 

رۆزای بابەی

لەوەتەی تۆ ئەم هەوارەت جێهێشتووە،

وەرزی بەهار پەشیمانەو

لەنیوەی رێ

دەچێتەوە بۆ

لای زستان!

ئەوە دووەمین هاوینە،

ئۆقرە ناگرێ و

لە دەستپێکدا

بەراکردن

خۆی داوێتە کۆشی پایز!

درەختەکانی زێدەکەم،

 زۆر بهێزن،

 لە ناوەختا گەڵاکانیان دەوەرێن،

رەشەبا دێ، هەڵیاندەگرێ و

لەبەرچاوان ونیان دەکات!

باڵندەکانی باخچەمان،

 کزو مەلول

لەسەر رستە هەڵدەکورمێن،

کە دەمبینن،

بە خەمباری لێم دەڕوانن،

دەنوک لەژێر باڵیان دەنێن، ورتە ناکەن

دواتر لە یاری چاوشارکێ

 خۆ ون دەکەن بە ئەسپایی؛

من نازانم

بۆچی ئەوانیش جێمدێڵن؟!

بیرەوەریم پێدەسپێرن،

نغرۆم دەکەن لەتەنیایی!

 

٩-٢-٢٠١٢

هەولێر

من دەمزانی!

رۆزای کچم،

من دەزانم،

تۆ دڵۆپە ئاوێکی پاکی

لە فرمێسکم یاخی بوویت و بووی بەهەڵم،

بۆیە ئێستاکە حەز دەکەم،

جارێکی تر لەگەڵ باران دابباریت!

بڕژێیتە ناو گۆمی چاوم!

من دەزانم،

تۆ پرشنگی تیشکی خوایی

بەرەو ئاسمان هەڵکشاویت!

بۆیە ئێستاکە حەز دەکەم،

 سپێدەیەک

لەگەڵ گزنگی خۆرەتاو

پەنجەرەکەم بکەیتەوەو

بڕژێیتە ناو ماڵی دڵم!

رۆزای کچم،

من دەمزانی، تۆ لە مرۆڤ گەورەتریت

میهرەبانیت، پێیدەگوتم بۆ ئەم ژینە

نەخولقاویت!

ئادگارت مینای فریشتە

رۆحت سپی وەک بەفرو گوڵ

لەنێو گومان دەیانچرپاند

لەم جیهانە هەڵناکەیت و

رۆژێک دادێ بۆ لای ئەوان دەچیتەوە!

بۆیە ئێستاکە حەز دەکەم

جارێکی تر بێیتە خوارێ،

چەپکێ هیواو

گورزێ ئومێدم پێبدەیت!

 

10-2-2012

هەولێر