هەڤپەیڤینێکی
تایبەت سەبارەت
بە زمانی کوردی
دوای
بڵاوبوونەوەی 'سروپێک
پەیڤی ڕفێندراو'خاتوونی
ڕۆژنامەوان، هاوژین عەبدولواحید،
لێیخواسم کە
هەڤپەیڤینێکی
زمانەوانی بکەین، منیش داخوازیەکەم
ڕەت نەکردەوەو بەڵێنم
پێدا، ئەوەبوو لە ڕێی
مێسێنجەرەوە پرسیارەکانی
خۆی نارد و منیش وەڵامم دایەوە،
دواتر لە ڕۆژی
٢٠-١٠-٢٠٢٠ لە
ڕۆژنامەی هەولێردا بڵاوی
کردەوە، بەڵام بەداخەوە
وەڵامەکان زۆر کورت کرابوونەوە،
بۆیە بەپێویستی دەزانم لەم
ماڵپەڕی خۆمدا بڵاوی
بکەمەوە.
پ:
ڕەوشی زمانی کوردی چۆن
دەبینیت؟
وەڵام:
مخابن
ڕەوشی ئێستای زمانی کوردی لە
خراپەوە بەرەو خراپتر دەڕوا. پێش
ڕاپەڕین ڕۆشنبیر و نووسەران لەخەمی پاراستنی زمان،
گەشەپێدان و بەرەوپێشەوە
بردنی دابوون، کەچی هەنووکە
لەبەردەم باهۆز و
ڕەشەبایەکی گەمار و قێزەوەن
دایە؛ لەهەموو لایەکەوە
پەلامار دەدرێ، پشت لە پەیڤی
ڕەسەن دەکرێ و دەست بۆ
وشەی زمانەکانی دیکە دەبردرێ،
ڕاگەیاندنی نووسراو، بیستراو و بینراو
بزنەگەڕی خۆیان لە قەرسیل
و پاوانی زمانی کوردی بەرداوە،
نەمامەکان دەشێلن، خونچەو گوڵەکان
دەقرتێنن. لەلایەکی
دیکەوە، مخابن، هەندێک دەزگە و
ناوەندی ڕاگەیاندن، شێواندنی
ڕێنووسی کوردی بە ئەرکی خۆیان
دەزانن و ناسەنگرێنەوە.
پ:ئایا
زمانی کوردی لەڕوی وشە وزاراوە
وە هەژارە؟
وەڵام:
زمانی
کوردی بەهۆی فرە زاراوەیی و
هەمەڕەنگی
بنزاراوەکانییەوە
یەکجاردەوڵەمەندە، کەم زمان
هەیە،خۆی لەقەرەی
زمانی کوردی بدا، بەڵام بێبەندوباری
ناوەندەکانی بەناو ڕۆشنبیری و
فەرهەنگی، ڕاستییەکانی
زمانیان پشتگوێ خستووە، جێی
نیگەرانیە کە بۆرە
میدیاکار و ڕاگەیاندکاری
کۆلەوار، لەبەر نەزانی و
بێتوانایی خۆیان، وەچۆک داهاتوون و
هەست بەکەمی دەکەن،
لەجیاتی ئەوەی هەوڵی
خۆپێگەیاندن بدەن، کەچی زمانی
کوردی بە لاواز وێنا دەکەن و دەست، وشەدانی دیتران
دەبەن و خەڵک بەلاڕێ دا
دەبەن.
پ: لەمڕۆدا
زمانی کوردی بەبەراورد بەزمانەکانی
تری جیهان، بەتایبەت زمانی
نەتەوە دراوسێکانی لەچ
ئاستێکدایە؟
وەڵام:
وێڕای
درێژەکێشانی داگیرکاری و
هەوڵی بێپسانەوەی داگیرکاران
بۆ لاوازکردن و سڕینەوەی زمانی
کوردی، کەچی هەتا ئێستا ش زمانی کوردی
قایم لەسەر پێی خۆی
ڕاوەستاوە و شێلگیرانە وەک
هەڵۆێکی بوێر پارێزگاری لە
خۆی دەکا؛ ئەگەر بە زمانی
عەرەبی، فارسی و تورکی بەراوردی
بکەین، بێسڵەمینەوە
دەڵێم کە زمانی کوردی لەهەموویان
بەهێزترە، هەزار و چوار سەد ساڵە
دەستەڵاتدارانی عەرەب هەموو
هەوڵ و توانای خۆیان بۆ
پێگەیاندنی زمانی عەرەبی
تەرخان کردووە، سوودیان لە دەیان و
سەدان زمانزانی بیانی وەرگرتووە،
کەچی ئەگەر وشە
ڕفێندراوەکانی
لێوەربگیرێتەوە پەکی
دەکەوێ؛ زمانی فارسی وەچۆک
داهاتووەو لەژێر کاریگەری زمانی عەرەبی
دایەو بەرەو وێرانی ڕێی
گرتووە؛ ئێستا ئەگەر وشەگەلی
عەرەبی لێوەربگیرێتەوە دەبێ
وەک نابینا گۆچان هەڵبگرێ؛ زمانی
تورکی تێکەڵاوەیەکە لەزمانی
عەرەبی، کوردی و ڕووسی،
ڕێزمانێکی لەنگ و گۆجی
هەیە. ڕاستییەکەیشی
وەرگرتنی ئابێی لاتینی
گەورەترین گورزی لە زمانی تورکی
داوەو بە تەواوی لە
ڕەسەنایەتی خۆی دووری
خستۆتەوە، ئێستا زمانێکی
بێبەهرەیە. ڕاشکاوانە
دەڵێم، وێڕای گوشاری داگیرکاران
و خراپەکاریەکانی مێدیاکاری کوردستان،
کەچی هێشتا بە گەشبینیەوە
لە داهاتووی زمانی کوردی دەڕوانم،
چونکە لێبڕاوانە بەرگری لە
خۆی دەکا.
پ:کاریگەری
ڕوداوە مێژوییەکان چیە
لەسەر گۆڕین و پەرەسەندنی
وشەکان لەزماندا و هاتنی وشەی نوێ؟
وەڵام:
ڕووداوە
مێژووییەکان کاریگەری
ڕاستەوخۆیان لەسەر پەڕەسەندنی
بوارەکانی ژیانی مرۆڤایەتیهەیە،
زمانیش وەک یەکەیەکی
زیندوو لەو کایەیە بەدەر
نییە. زمان بۆ خۆی
پڕۆسەیەکی بەردەوام و
درێژخایەنە، دەیەوێ
درێژە بەکاروانی خۆی بدات و
دەوڵەمەندی بکا، بۆیە
هەندێکجار گۆڕانکاریەکان
لەبەرژەوەندی زمان تەواو دەبن و
هەندێکجاریش تەواو
پێچەوانەیە. ئەوەتا هاتنی
دینی ئیسلام دەرگەی
بەهەشتی بەڕووی زمانی
عەرەبی کردووە، تا ئەم دواییەش
هەندێک پێیانوابوو کە یەزدان بۆ
خۆی بە زمانی عەرەبی
سەرسامە، هەندێک بانگەشەی
ئەوەیان دەکرد کە لە
بەهەشتەوە هاتووە!! هەندێکی
دیکە لەبەر خۆشەویستی دینی
ئیسلام پشتیان لە زمانی خۆیان کرد، بۆ ئەوەی لە
قورئان و فەرموودەکانی پەیامبەری
ئیسلام تێبگەن، زۆر ئارەزوومەندانە
باوەشیان بۆ زمانی عەرەبی
گرتەوەو سەرپشکیان کرد
و هەوڵی بەهێزکردن و
دەوڵەمەندکردنیان دا. ڕاستییەکەی
ئەگەر زمانزانانی ناعەرەب
لەوێنەی 'ئەبو ئەسەدی
دۆلی و خەلیل فەراهیدی و
سیبۆیەی شیرازی' و
دەیانی دیکە نەبووان، هەرگیز
زمانی عەرەبی ئەم قۆناغەی
بەخۆیەوە نەدەبینی.
هەروەها ئەگەر
ئیمپراتۆریەتی ساسانی
نەڕووخابووایە، کورستان
سەربەخۆبووایە و زمانی کوردی
زمانی دەوڵەت و فەرمانڕوایەتی
بووایە، ئێستا هەزاران هەنگاو لەپێشتر
دەبوو. لێرەوە دڵنیا
دەبینەوە کە ڕووداو و
گۆڕانکاریەکان کاریگەری
ڕاستەخۆیان هەیە.
هەندێکجار گوڕ و تینی پێدەبەخشن،
هەندێکجاریش پەلاماری دەدەن و
گورزی لێدەدەن.
گۆڕانکاری
و پێشكەوتنەکان وشەی نوێ
دەئافرێنن و زمانەکان دەتوانن سوودی
لێوەربگرن، بۆنموونە وشەی (ڕادار،
ڕادیۆ، تەلەفزیۆن،
ئینتەرنێت، سەتەلایت،
تەلەفۆن، مۆبایل، فەیسبووک،
تویتەر، لایک، کۆمێنت،...) جێی خۆیان
لەنێو هەموو زمانەکاندا کردۆتەوە،
ئیدی زمانی کوردی پێویستی
بەوە نییە کە وشەی
دیکەیان بۆ دابڕێژێ، چونکە
بۆ فێربوون و ڕاهاتن لەسەریان کاتی
زیاتری دەوێ. کەواتە بەهۆی
ڕووداو، گۆڕانکاری و
پێشکەوتنەکانەوە وشەی نوێ
لە دایک دەبن و وەک منداڵی هەموو جیهان
چاویان لێدەکرێ و
دەلاوێندرێنەوە.
پ:ڕات
لەسەر ئەم دەستەواژەیە
چیە(زۆربەی مێژوو نوسەکان لەو
بڕوایەدان کەکوردەکانی
ئەمڕۆ، نەوەی مادەکانن)؟
وەڵام:
بەڵگە
مێژووییەکان ئەو
دەستەواژەیەیان سەرڕاست
کردۆتەوە. مێژوونووسێکی ناوداری
وەک ویل دۆرانت و چەندین
دیرۆکنووسی دیکەی جیهانی
ئەوەیان سەڵماندووە؛
لەلایەکی دیکەشەوە
جەختیان لەوە کردۆتەوە کە
مادەکان ئابێی مێخیان داهێناوە و
فارسەکانیش نەک تەنیا دەستەڵات،
بەڵکو زمان، شارستانی و فەرهەنگ و
هونەریشان لە مادەکانەوە
وەرگرتووە. هەموو مێژوونووسەکان دووپات دەکەنەوە
کە مادەکان هاوپەیمانێتیان
لەگەڵ پارس و سەکا پێکهێناوە، کەواتە
پارسەکان نەوەی مادەکان نین،
بەداخەوە کەهەندێک جار ئەو
بانگەشە ساختەیە دەرخواردی
خەڵک دەدرێ.
پ:کاریگەری
ئاین لەسەر زمانی کوردی چیە؟
ئاینی ئیسلام بەتایبەتی؟
وەڵام:
پێشتر
ئاماژەم بە کاریگەری ئەرێنی
دینی ئیسلام بۆ سەر زمانی
عەرەبی کردبوو، هەر بەو
هۆیەشەوە دەکرێ بڵێن
کە کاریگەری ئایینی ئیسلام
بۆسەر زمانی کوردی نەرێنی بووە.
لەلایەکەوە ئارەزوومەندانە
یان بە زۆرەکی بێ ڕێگری
لەبەردەم گەشەو پێشکەوتنی
زمانی کوردی دروست کردووە و بەبیانۆی
ناڕەوابوون هەموو نووسراوە دێرینەکان
فەوتێندراون، بەوهۆیەشەوە
چەندین خشت لە بناغەی زمانی کوردی
دەرهێنراوە و بەرەو لاوازبوونی بردووە.
ئەگەر نووسراوە دێرینەکان
نەسووتێندرابوون، ئەگەر ڕێگری لە
ڕێنووسی کوردی دێرین
نەکرابووایە، ئەگەر
بەییانۆی ناڕەوا زمانی
عەرەبی نەسەپێندرابووایە،
بێگومان کاروانی گەشەی زمانی کوردی
گەشاوەتر و بەرهەمدارتر دەبوو.
لەلایەکی دیکەوە نووسەران و
بیرمەندانی ئێمە ناچارکراون کە
بەرهەمەکانی خۆیان بە زمانی
عەرەبی بنووسن و هەوڵی
بەهێزکردنی ڕێزمانی عەرەبی
بدەن. کاتێک مرۆڤ بۆ بیناکردن و
ئاوەدانکردنەوەی زمانی دیتران بڕوات
ئیدی ناپڕژێتەسەر نەخشاندن و
ڕەنگین کردنی باڵاخانەی
زمانەکەی خۆی.
پ:کۆنترین
بەرهەمی نوسراو بەزمانی کوردی کامەیە کە
تائیستا دۆزرابێتەوە؟
وەڵام:
مخابن
بەهۆی شاڵاوی عەرەب و تورک پەڕتووکخانەکانی
کوردستان سووتێندراون، بەرهەمی بەرچاو
نەماوەتەوە، بەڵام ئیبن
وەحشیە لە " شوق المستهام في معرفة رموز
الأقلام" جەخت لەوە دەکاتەوە کە
سی بەرهەمی بینیووە کە
بە زمانی کوردی
نووسراون و هەندێکی بۆ زمانی
عەرەبی وەرگێڕاوە، دیارە
دواتر فەوتێندراون، بەڵام دەکرێ بگوترێ
کە پەڕتووکی 'سەرەنجام' یان
'دیوانی گەورە'ی
پەیڕەوانی یارسان و پەڕتووکە
پیرۆزەکانی ئێزدیەکان، واتە 'جلوەو
مسحەفا ڕەش' وەک سێ بەرهەمی
نووسراوی کوردی ناودێر دەکرێن. گومانی
تێدانییە کە دەیان و سەدان
بەرهەمی دیکەش هەبوونە یان
فەوتێندراون یان هێشتا
نەدۆزراونەتەوە. تەنانەت
ئەگەر هۆنراوەکانی بابا تاهیری
هەمەدانی دەستکاری نەکرابان، ئێستا
وەک بەرهەمێکی کوردی
دەمایەوە، هەروەها ئەگەر گەڕۆکانی
ئەوڕوپی نەبان، لەوانەیە
ئەمڕۆ ئێمە داستانی 'مەم و
زین'ی ئەحمەدی خانیمان نەدەبوو.
من خۆم پەڕتووکی درەختا سۆریکم
نەخوێندۆتەوە، بەڵام
دەگوترێ کە ئەویش
لەسەردەمی ئەشکانیەکان بە زارەکی
گواستراوەتەوەو لەسەردەمی
ساسانیدا واتە بە زمانی دێرینی
کوردی نووسراوە، بەڵام فارسەکان بە
شێوەیەکی ناڕێک وەریانگێڕاوەو
شێواندوویانە و کردوویانە بە درەختا
ئاسۆریک، بەڵام ڕاستیەکەی
'درەختا سۆریک'ە. واتە هەر
ناونیشانەکەیشی زیاتر لە کوردی
نزیکترە.
پ:ڕۆڵی
دەسەڵات چیە لە برەودان بەزمان؟
حکومەتی هەرێم چۆن دەتوانێ زمانی
کوردی پەرە پێبدات؟ بەچی
ڕێگایەک؟
وەڵام:
دەستەڵات
و فەرمانڕەوایەتی کاریگەری
ڕاستەوخۆیان لەسەر زمان و گەشەپێدانی
زمان هەیە. مخابن بەهۆی
ئەوەی کە حکومەتی هەرێمی
کوردستان هیچ ڕۆژنامە، رادیۆ و
تەلەفزیۆنی فەرمی خۆی
نییە، ئیدی ناکارا بووە. حکومەتی
هەرێمی کوردستان دەتوانێ
دەروازەی خێر بەڕووی زمانی
کوردیدا بکاتەوە، دەتوانێ کۆڕی
زانیاری زمان، ئەکادیمیای زمان،
ئەنجوومەنی شارەزایانی زمان
پێکبهێنێ و ڕێ لەو
بێسەروبەرییە بگرێ کە
ئێستا ڕاگەیاندنی حزبی برەوی
پێدەدا. حکومەتی هەرێم دەتوانێ
بە یاسا ڕێ لەهاوردەکردنی
وشەی بیانی بگرێ، بەتایبەتیش
ئەو وشانەی کە هاوتایان لە زمانی
کوردیدا هەیە، نەک هەر پێویست
نین بەڵکو دەبن بەبارێکی گران و
ڕێنووس و ڕێزمانی کوردی
دەشێوێنن. باشە چ پێویستمان بە
هاوردەکردنی وشەکانی
(هۆت لاین، دیاسپۆرا، تۆپ شووت، داون تاون،
تۆپ ستۆری، کۆمپۆسیشن، مۆدە،
پەڵس، کلاکێت، لایڤ ستایل،
دۆکیۆمێنت، ئارت پڵاس، فۆکۆس
ئۆن، شۆک، سی ڤی، یوروماکس، وەن
پۆینت، ستادیۆمم، مەزرەعە و ..........)
هەیە. کەواتە دەتواندرێ بە
یاسا ڕێ لە وشەی بیانی
ڕەزاقوڕس بگیرێ. ئایا ئەو وشانە
زمان دەوڵەمەند دەکەن یان
تێکی دەدەن؟ ئایا ئەو وشانە بە
ئاسانی لەنێو کۆمەڵی
کوردەواری هەرس دەکرێن؟ یان گرفت بۆ
ئاخێوەرانی زمانی کوردی دروست دەکەن؟
حکومەتی هەرێم دەتوانێ ڕێ لەو
ڕێنووسە شێواوە بگرێ کە ئێستا
هەندێ کەس و لایەن بانگەشەی
بۆ دەکەن و دەڵێن کە
پیتەکانی 'ح، ع، ق، غ' نین و دەبێ
لابدرێن، یان بوونی 'وو' و 'یی' ڕەت
دەکەنەوە. ئەمانە و دەیان
کاری دیکەی پێویست کە حکومەتی
هەرێم دەتوانێ چاودێریان بکات،
ئیدی لەو ڕێیانەوە هەم زمانی
کوردی دەپارێزرێ و بە پاراوی
دەمێنێتەوە، هەمیش
ڕاستەڕێ دەبێ و کاروانی
بەرەوپێشەوەچوونی خێراتر و
بەگوڕتر دەبێ.
پ:ئەو
پەیڤە ڕفێندراوانە کامانەن
کە زمانی کوردی بەموڵکی خۆی
دەزانێت؟
وەڵام: هەموو ئەو
پەیڤانەی کە عەرەب لە
زمانی ساسانی، واتە لە زمانی
دێرینی باپیرانمانەوە وەریگرتوون
و ئاشکرایان نەکردوون، یان ڕاستەوخۆ لە
زمانی ئێستای کوردیەوە
وەرگیراون، وەک پەیڤی
ڕفێندراو بەناو دەکرێن و زمانی کوردی
خۆی بە خاوەنی ڕاستەقینەی
ئەو پەیڤانە دەزانێ.