کوردانی سیستان و بەلوچستان

لەوانەیە لە دەستپێکدا هەندێک بڵێن: (ئەوە چیە؟! دەیانەوێ هەموو جیهان بە کورد بکەن؟!) بەڵام راستیێکی حاشا  هەڵنەگرە کە عەرەبەکان لەژێر ناوی کرانەوەی ئیسلامیدا هاتن و دەوڵەتی ساسانیان رووخاند و نیشتمانی کوردیان داگیرکرد،دواتر سەلجوقیەکان پەلاماری میرنیشینی مەڕوانی و هەزبانیان داو هەڵیانتەکاندن، پاشان تورکی عوسمانلی دڕندانە میرنشینی سۆران، بۆتان، بەدرخانیەکان، بادینان، شێروان و بابانیەکانیان لەناوبرد،هەروەها پادشاکانی ئێرانیش پەلاماری میرنشینی ئەردەڵانیان داو هەڵیانوەشاندەوە، ئیدی بەوهۆیانەوە کوردی شکستخواردوو یان زنجیری دیلی پەسند کردووەو لە شوێنی خۆی ماوەتەوەو بە فەرمانڕەوایەتی داگیرکار رازی بووە، یان کوردی ناڕازی و یاخی، ماڵوێران و سەرگەردان زێدی خۆی جێهێشتووەو بەدوای پەناگەیەکی ئارام دا گەڕاوە، هەندێک لەماڵباتەکان لە رۆژهەڵات و باکووری ئێراندا گیرساونەتەوە، هەندێکی دیکەش بەرەو وڵاتانی دیکەی وەک ئەفغانستان و پاکستان و هیندستان و بولگارستان رۆیشتوون و تێکەڵاوی ئەوان بوونە. هەروەها لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژوودا داگیرکاران دەیان هۆز و خێزانی کوردیان بە زۆرەکی لە زێدی خۆیان هەڵکەندووەو بۆ ناوچە دوورەکانی ژێر دەستەڵاتی خۆیان رایانگواستوون، نموونەش کوردانی یەمەن و جەزائیر کە عوسمانلیەکان و کوردانی قۆنیە کە تورکیای نوێ رایانگواستوون، هەندێکی دیکەش بە زۆرەکی کۆچیان پێکراوە. مێژوو دەگێڕێتەوە کە هەندێکجار بە فێڵ و تەڵەکەبازی کورد لە زێدی خۆی هەڵکەندراوەو بۆ شوێنی دیکە رەوانە کراوە، نموونەی بەرچاویش کوردانی خۆراسانن. وێڕای ئەوانەشەوە زۆرجاران هێزو یەکەی کوردی پێکهێنراون و بۆ شەڕی وڵاتان رەوانەیان کردوون، نموونەش شەڕەکانی سوڵتان مەحمودی غەزنەوی و نادر شای ئەفشارن بۆ هیندستان و ئەفغانستان، شەڕەکانی سوڵتانەکانی عوسمانلی بۆ گرتنی بولگاریا و قەفقاسیا. هەندێکجار کورد بۆ خۆی لەدەستی شەڕ و کوشتن رایکردووەو پەنای بۆ وڵاتانی دیکە بردووە، نموونەش کوردانی ئەرمەنستان و رووسیاو وڵاتانی ئەوڕوپان. لەو پێوەندەدا دەڵێین کە بەهۆی ژێردەستەیی و نەبوونی وڵاتێکی سەربەخۆ، کورد بە چوارگۆشەی جیهاندا بڵاوبوونەتەوە.

بێگومان زۆر لەمێژوونووسان باسیان لە کۆچاندن و راگواستن و سەرهەڵگرتنی کوردان کردووە، منیش لێرەدا ئاماژە بەو کوردانە دەدەم کە لە هەرێمی سیستان و بەلوچستاندا دەژین، هەرچەندە کە ئێستا ئەو کوردانە زمانی زگماکی خۆیان لەبیر چۆتەوەو بە زمانی بەلوچی و فارسی قسە دەکەن، بەڵام نکۆڵیان لە رەسەنێتی خۆیان نەکردووە، پاشناوی کورد، کرد، کردنیا، کوردی و.... هی دیکەیان بۆ خۆیان داناوە.

لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژوودا خانەوادەو ماڵباتی کوردان چونەتە ئەو هەرێمەو تێیدا گیرساونەتەوە، بەتایبەتی براو ئامۆزاکانی حوسێن کورد شەبستەری کە کەسایەتێکی ناوداری مێژووی ئێرانە لەو ناوچەیەدا جێواربوونە. لەبەرگی دووەمی کتێبی (حرکت تاریخی کرد بە خراسان) دا بەڕێز کەلیموڵڵای تەوەحودی نووسەری کتێبەکە ئاماژەی بە جێواربوونی کوردانی ئەو هەرێمە کردووەو بەبەڵگە هەبوونی ئەوانەی سەڵماندووە.

راستیەکەی کوردانی شاری 'تەفتان'ی سەر بە شارستانی 'خاش' لە نەوەی 'ئاتلان'ی برای حوسێن کوردی شەبستەرین، کە نادر شای ئەفشار بە زۆرەکی ئەوانی بۆ بەلوچستان راگوێزا.

حوسێن کورد شەبستەری پاڵەوانێکی ناودار  بووە، شەبستەر شارۆچکەیەکەو دەکەوێتە پارێزگاری تەورێ؛ حوسێن کوردی شەبستەری لە زەمانی نادر شای ئەفشاردا فەرماندەی گشتی سوپا بوو، کەسێکی ئازاو لێهاتووبوو، دوای گرتنی هیندستان گەڕایەوەو لە شاری شەبستەر جێواربوو، ئیدی پەشیمانی خۆی لەو کوشتارەدا دەربڕی کە بەفەرمانی نادر شا لە هیندستان ئەنجام درابوو، خۆی خانەنشین کرد و وازی لە سوپا هێنا، بەڵام نادر شا نەیدەویست حوسێن کوردی شەبستەری واز لە سوپاکەی بهێنێ، زۆری هەوڵ لەگەڵدا کەچی بێسوود مایەوە، بۆیە نادر شا رقی لێهەڵگرت، حوسێن کوردی شەبستەری،  براو خزمەکانی لە زێدی خۆیان هەڵکەند و بە زۆرەکی ئەوانی بۆ سەرحەدی بەلوچستان (باکووری بەلوچستان) راگواست. دوای مردنی حوسێن کورد،  براو برازاکانی لە  تەفتانی بەلوچستان دەمێننەوە، دواتر لەگەڵ خەڵکی ناوچەکەدا تێکەڵاو دەبن و کەسایەتی ناوداریان لێهەڵدەکەوێ وەک:

سەردار میریەحیا کورد

سەردار عەبدولکەریم خانی کورد

سەرادر بێهروز خانی کورد

سەردار حاجی ئەمیر خانی کورد

سەردار حاجوڵڵا رەسان کورد

سەرادر وەلی محەمەد کورد

میر یەحیا کورد جەنگاوەرێکی لێهاتوو بووە، پارێزگاری لە خاکی بەلوچستاندا کردووە، بەتایبەتیش کاتێک رێگرانی مەنگەل لە پاکستانەوە دەهاتن و پەلاماری بەلوچستانیان دەداو تاڵانیان دەکردن، خەڵکی بەلوچ هەراسان و نابود ببوون، کەچی میر یەحیا کورد زۆر ئازایانە دژ بەو رێگرانە راوەستا، لەنەخشەیەکدا توانی ئەوان غافلگیر بکات و 'مەنگەل'یش بکوژێ و هەر لە ناوچەی بەلوچستان گۆڕی بۆ هەڵبکەنێ و بیشارێتەوە، دواتر هەر ئەو میر یەحیا کوردە توانی چەندین رێگرو تاقمی تاڵانکەری دیکە تەفروتونا بکات،  ئیدی بەو هۆیەوە بەلوچەکان ئەوانیان بە سەرداری خۆیان داناو گوێڕایەڵیان لێکردن و ئەوان بوون بە سەرداری بەلوچەکان، وێڕای ئەوانەشەوە هەندێک لە فەرمانڕەوایانی ئێران چاویان بە ئازایەتی میر یەحیا هەڵنەهات، بەفێل بۆ قوم بانگهێشتیان کرد و لە رێگە لەنێو ئۆردوی سەربازیدا ژەهرخواردوویان کرد، خزم و کەس و لایەنگرانی میر یەحیا زانیان کە ژەهر خواردوو کراوە، بۆیە دژی فەرماندەی سەربازان راپەڕین بەڵام شکستیان خوارد ، بەوهۆیەوە شەڕی هۆزەکان هەڵگیرسا و عەبدولکەریم خانی کوڕی میر یەحیا کورد لە شەڕی هۆزەکاندا بە ناڕەوا شەهید کرا، پاشان سەردار بێهرۆز خانی کوڕی عەبدولکەریم خان خۆی و لایەنگرانی بەرەو ئەفغانستان رۆیشتن، لەوێش وەک سەردارێکی ناودار بە گەرمیەوە پێشوازیان لێکرا. سەردار بێهرۆز ماوەیەکی زۆر لە ئەفغانستان مایەوە، دواتر گەورەپیاوانی بەلوچستان چوون بە دوای و لێیپاڕانەوە کە بگەڕێتەوە، ئەویش گەڕایەوەو فەرمانڕەوایەتی ناوچەکەی گرتە ئەستۆ. ئیدی ئەوان بوون بە سەرداری تایفەی کورد بە میربەلوچ ناسران. دواین سەرداری ئەو تایفەیە حاجیەڵڵا رەسان کورد بوو بەسەرداری تایفەکەو ئەویش چەند ساڵێک بەر لە ئێستا کۆچی دوایی کرد.

لەلایەکی دیکەوە کوردانی دیکەش لە ناوچەی 'بەزمانی' شەر بە شارستانی ئیرانشار جێوارن کە ئەوانیش هەر لە خزمانی میریەحیا کوردن و بە پاشناوی (کرد ، کورد ، کردنیا ،  کرد نەسەب ، کوردزاده ،کوردی بەزمان ، میرسەجادی ، سەجادی ،میرزاده و حوسێنی ) دەناسرێن.

لەلایەکی دیکەوە تیرەیەک لە سیستان و بەلوچستاندا هەیە بەناوی تیرەی کورد (تایفەی کورد)، دەگوترێ ئەو تیرەیە لە سەردەمی سەفەویەکاندا  بەتایبەتیش لە سەردەمی شا عەباسی یەکەم کە لەساڵی(١٥٨٧) تا(١٦٢٩ز)  فەرمانڕوایی کردووە، سەرەتا لە ناوچەی کرمانشان بۆ ئیسفەهان راگوێزراون، دواتر هەر لەسەردەمی سەفەویەکاندا بۆ ناوچەی 'خاش'ی بەلوچستان دوورخراونەتەوە، ئێستا بنەماڵەکانی ئەو تیرەیە لە گوندەکانی (سەنگان، تەمەندان، دەهپابید، کارواندەر، دەبالا، بیلەری، ئیراندەگان، کەمالئاوا، سەراوان و سیستاندا دەژین. هەروەها چەند تیرەیەکی دیکەی وەک (سەرابەندی، شەهرەکی، پیری،شەبەخش، میر، بامەدی، بەزی، کەهرازی و....،) لە بنەڕەتدا ئەوانە بنەماڵەی عەشیرەتی مەمسەنی 'مامەسێنێ' بوون و بە زۆرەکی بۆ سیستان و بەلوچستان راگوێزراون. بەتێکڕایی عەشیرەتەکانی 'سوهراب زەهی، میر بەلوچ و کورد و چەند تیرەیەکی دیکەی کورد' لە سیستان و بەلوچستاندا دەژین. ئەوانە نکۆڵی لە کوردبوونی خۆیان ناکەن و شانازیش بە رەسەنی خۆیانەوە دەکەن. هەموو کوردانی سیستان و بەلوچستان موسڵمانن، کوردەکانی نیشتەجێی 'تەفتان، خاش، زابولی، مەگس، مەسکوتان و ئەبتەر' هەموویان سوننە مەزهەبن و لە پەیڕەوانی حەنەفین، بەڵام کوردانی 'زابول و بەزمان' هەموویان شیعەمەزهەبن. دیارە لە بەلوچستانی پاکستاندا هەمدیسان کورد هەن، بەوهیوایەم لە داهاتوودا بتوانم هەندێک زانیاری سەبارەت بەوانیش بڵاو بکەمەوە.

رێکار ئەحمەد

حوزەیرانی ٢٠١٢

 ***