ماڵپەڕی نوچەنێت، تەوەرێکی سەبارەت بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوای سەرۆک تاڵەبانی کردۆتەوە، لەوبارەیەوە پرسیاریان لە هەڤاڵ رێکار ئەحمەد، سکرتێری گشتی حزبمان، حزبی رزگاریی کوردستان کردوە، ئەمەش دەقی پرسیارو وەڵامەکەیە

نوچەنێت: تەوەری نوچەنێت، یەکێتی دوای تاڵەبانی:


ئەم تەوەرەی نوچەنێت فاڵگرتنەوە نیە، بەڵکو هەوڵدانە بۆ گەشتن بەوەڵامی ئەو پرسیارانەی لەدوای نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی دروست بوون، بەخوێندنەوە بۆ رووداوە سیاسیەکان و ئاڵۆزییەکان، بە شیکاری و تێگەشتن لەو سیگناڵانەی تا ئێستا دیار کەوتون و بە رەچاوکردنی کێشە لەمێژینەکانی یەکێتی. بۆیە نوچەنێت لە ئێوەی بەڕێز دەپرسێت.

ئێستا تاڵەبانی بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەیە، دیار نیە کە ئاخۆ تاڵەبانی ژیانی بۆ دەگەڕێتەوە یان نا، دیار نییە ئاخۆ لە ئەگەری چاکبونەوەی، تاڵەبانی توانای ئیدارەدانی سەرۆکایەتی کۆمار یان یەکێتی دەبێت یان نا؟. بەبڕوای تۆ یەکێتی لەدوای تاڵەبانی بەکام ئاراستە دەڕوات؟ وەک ئێستای دەمێنێتەوە؟. عاتیفەی خەڵک زیاتر دەبێت بۆ یەکێتی، بەهۆی کۆچی تاڵەبانی؟ رێکخستنەکانی پەرش و بڵاو دەبن؟ روو لە بزوتنەوەی گۆڕان دەکەن؟. یان چی؟ بەپێی خوێندنەوەکانی خۆت چی ئایندەیەک بۆ یەکێتی چاوەڕوان دەکەیت ؟. بۆچی حزبێکی سۆسیال دیموکراتی وەکو یەکێتی، گرفتی هەبێت لە دیاریکردنی کەسێک بۆ سەرۆکایەتی یەکێتی، لەکاتێکدا تەنها لەماوەی یەک ساڵدا حزبی سۆسیال دیموکراتی سوید، بەبێ گرفت سێ سەرۆکی گۆڕی؟

 

رێکار ئەحمەد: یەکێتیی لەکاتی ئامادەنەبوونی سەرۆک تاڵەبانیدا

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هێزێکی  گەورەی دەستەڵاتدارو خاوەن ئەزموون هێشتا ئاسۆی کاروانێکی دوورو درێژی لەبەردەم دایە و دەتوانێ درێژە بە کاروانی خۆی بدات، مام جەلال کە دامەزرێنەرو رێبەرو داینامۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە، بەوهۆیەشەوە پێگەی یەکێتیی قایم و بەهێز کردوە، هەروەها توانیویەتی چەندین سەرکردەی لێهاتوو بۆ یەکێتیی پێبگەیەنێ و بۆ دوای خۆی ئامادەییان بکات.

بەڵگە نەویستە کە مرۆڤەکان تەمەنیان گەورە دەبێ و ماڵئاوایی لەژیان دەکەن، سەرکردەو رێبەرەکانیش لەو یاسایە بەدەر نین، وەک دەگوترێ ئەوەی دەبێ، مەرگ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێ.  سەرۆک مام جەلالیش وەک هەر سەرکردەێکی دیکە، دوای تەمەنێک تێکۆشان و خزمەتکردن، رۆژێک ماڵئاوایی لە ژیان دەکات و ئیدی مام جەلالێکی دیکە پەیدا نابێتەوە، بەڵام راێکی تێكڕایی هەیە کە زیندوو مانەوەی لەم کاتەدا نەک بە تەنیا بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڵکو بۆ کوردستان و عێراقیش لە پێویست پێویستترە، لەو ڕوانگەیەوە هەمووان نیگەران و داخبارن و هیوای چاکبوونەوەی بۆ دەخوازن.

مام جەلال رۆڵێکی کاریگەری لەسەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هەیە، لە کاتی ئامادە نەبوونیشیدا کاریگەریەکەی دەمێنێتەوە، چونکە رێبازەکەی درێژەی پێدەدرێ و وەک رێبەرێکی رۆحی ئیلهامی لێوەردەگرن. هەرچەندە شیمانەو ئەگەری جۆراوجۆر بۆ دوای مام جەلال دەکرێ و دەگوترێ کە یەکێتیی دووچاری هەژان دەبێ، بەڵام من پێموایە کە سەرکردەکانی ئێستای یەکێتیی دەتوانن دەست بە یەکێتیەوە بگرن و بەبەهێزی بیهێڵنەوە، هەروەک چۆن دوای کۆچی سەرۆک مستەفا بارزانی، پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی راگرت، مایەوە و بەهێز بۆوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دوای مام جەلال دەمێنێتەوە و سەنگایی خۆی دەپارێزێ.

راستیەکی حاشا هەڵنەگرە کەبەهۆی لێهاتوویی و زیرەکی مام جەلالەوە  یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بوو بە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی رەنگە جیاوازەکان، دوای مام جەلال ئەو چەترە بە ئاسانی هەڵناوەشێتەوە، لەوانەیە ئەوانەی رۆژێک لە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تێکۆشاون، یان بۆ یەکێتیی رەنجیان کێشاوە، هەستیان بۆی دەجولێتەوەو بەرەو باوەشی یەکێتیی دەگەڕێنەوەو بەهێزی دەکەنەوە. لەلایەکی دیکەشەوە بەرژەوەندی کەسەکان و رەنگە جیاوازەکانی نێو یەکێتی لەم قۆناغەدا وادەخوازێ کە بەیەکگرتوویی بمێننەوەو بیر لە هاوێربوون و دابڕان نەکەنەوە، بەتایبەتیش کە هێشتا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشێکە لە دەستەڵاتی هەرێمی کوردستان.