له جیاتی سه‌ربه‌خۆیی خه‌بات بۆ خه‌ڵاتی نۆبێل ده‌کرێ
رێکار ئه‌حمه‌د
بزاڤی رزگاریخوازی گه‌لانی ژێرده‌ست و داگیرکراو هه‌میشه ته‌واوی هێزو تواناکانی خۆیان بۆ ناساندنی دۆزی ره‌وای گه‌ل و نیشتمانه داگیرکراوه‌که‌یان ته‌رخان ده‌که‌ن . رزگاری و سه‌ربه‌خۆیی ده‌که‌نه ئامانج ، لێبڕاو‌و شیلگیرانه تێده‌کۆشن ، دۆست و لایه‌نگری ده‌ره‌کی بۆ کێشه‌که‌یان په‌یدا ده‌که‌ن ، هه‌رگیز گره‌و له سه‌ر ناساندنی سه‌رکرده‌و حزبه‌کانیان ناکه‌ن ، به‌وهۆیه‌شه‌وه هه‌م دۆزی ره‌وای خۆیان ده‌ناسێنن ، هه‌م دۆست و هاوسۆزی بێ‌ژمار له‌ده‌وره‌ی خۆیان کۆ ده‌که‌نه‌وه . ئه‌گه‌ر باس له مێژووی 17 ساڵی رابردوو بکه‌ین ، ده‌بینین ده‌یان بزاڤی رزگاریخوازی وه‌ک ئه‌ریتیریا ، مه‌که‌دۆنیا ، ته‌یمووری خاوه‌ر ، مۆنتینیگرۆ و کۆسۆڤۆ سه‌رکه‌وتووانه کایه‌ی دیبۆماسییان به‌ڕێوه بردووه ، هه‌رگیز له خه‌می ئه‌وه‌دا نه‌بوونه که سه‌رکرده و پارته‌کانی خۆیان به جیهانی ده‌ره‌وه بناسێنن ، کرۆکی مه‌به‌ست و ئامانجی ئه‌وان ناساندن و سه‌رخستنی کێشه‌ی ره‌وای گه‌ل و نیشتمانه‌که‌یان بووه ، هه‌ر له‌م رۆژانه‌دا هه‌واڵه‌کان ئاشکرایان کرد که مارتی ئاهتیساری نێرده‌ی تایبه‌تی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له راپۆرتێک‌دا پێشنیاری بۆ بان کی مۆن سه‌رۆکی رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان کردووه تا سه‌ربه‌خۆیی به کۆسۆڤۆ بدرێ و له سربیا جیا بکرێته‌وه ، ناوبراو له راپۆرته‌که‌ی خۆیدا نوسیوویه‌تی : ( سه‌ربه‌خۆیی ته‌نیا بژارده‌ی کرده‌یییه بۆ ئه‌وه‌ی کۆسۆڤۆ له رووی رامیاریه‌وه سه‌قامگیر بێ و بتوانێ بنه‌ماکانی به‌رده‌وامی ئابووری خۆی وه‌ده‌ست بێنێ
مارتی ئاهتیساری سه‌رۆکی پێشووتری فینلاند‌و نێرده‌ی سه‌رۆکی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان پێیوایه که ده‌بێ سه‌ربه‌خۆیی کۆسۆڤۆ رێکوپێک بێ و له ده‌ستپێکدا هێزه‌کانی سڤیل و سه‌ربازی نێوده‌وڵه‌تی تێیدا جێگیر بن ، هه‌ر له‌م پێوه‌ندیه‌دا ڕێزدار چیکۆ سه‌رۆکی هه‌رێمی کۆسۆڤۆ پشتیوانی له پێشنیاره‌که‌ی مارتی ئاهتیساری کردووه‌و گوتوویه‌تی : ( سه‌ربه‌خۆیی تاکه بژارده‌ی واقیعی و کرده‌ییه ) له‌هه‌مان کاتدا یه‌کێتی ئه‌وروپا و وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا پشتیوانی خۆیان له پێشنیاره‌که‌ی مارتی ئاهتیساری راگه‌یاندووه که دوای ساڵێک له دانوستاندنی نێوان نوێنه‌رانی کۆسۆڤۆ و سربستان هیچ به‌رهه‌مێک وه‌ده‌ست نه‌هاتووه ، هیچ لێک نزیکبوونه‌وه‌یه‌ک به‌دی نه‌کراوه . هه‌رچۆنێ بێ زۆربه‌ی چاودێران پێیانوایه وێڕای ناڕازیبوونی روسیا‌و هه‌ندێ وڵاتی دیکه له‌وانه‌یه ئه‌مساڵ رێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ده‌نگ به پێشنیاره‌که‌ی مارتی ئاهتیساری بدات و بڕیار له سه‌ربه‌خۆیی کۆسۆڤۆ بدرێ
هه‌واڵدان بۆ سه‌ربه‌خۆیی کۆسۆڤۆ له دوای ریفراندۆمی مۆنتینیگرۆ که پێکهێنانی وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆیی لێکه‌وته‌وه ، باشترین نموونه‌ن که ده‌بێ کوردستانیان وانه و په‌ندی لێوه‌ربگرن و شوێن پێی ئه‌وان هه‌ڵبگرنه‌وه . ئێستا ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی کوردستانی به‌راوردێکی راستوێژانه له نێوان تێکۆشان و کاری دیبلۆماسی خۆمان ده‌گه‌ڵ ئه‌واندا بکه‌ین ، ده‌بینین که ئێمه زۆر ناشاره‌زاو خۆویستانه کارمان کردووه ، مه‌به‌ستمان ناساندنی حزب و سه‌رکرده‌کانمان بووه . سه‌رکرده‌مان له پێش حزب ، حزبیش له پێش بزاڤی رزگاریخوازی ، بزاڤی رزگاریخوازیشمان له پێش کێشه‌ی ره‌وای گه‌ل و نیشتمان داناوه ، که ده‌بوایه پێچه‌وانه کار و تێکۆشانی خۆمان درێژه پێبدابایه . به دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێم کاربه‌ده‌ستانی کۆسۆڤۆ زۆر زیره‌کانه توانیویانه سه‌رنجی ده‌یان که‌سایه‌تی وه‌کو مارتی ئاهتیساری و ده‌یان وڵاتی وه‌کو ئه‌وڕوپا به‌لای خۆیان رابکشێن ، وه‌کو دۆست و هاوسۆز سوودیان لێوه‌ربگرن ، به‌ڵام ده‌سته‌ڵاتدارانی کوردستان به ئاقارێکی دیکه کاریان کردووه ، چونکه ریفراندۆم دروشمی خۆیان نه‌بوو ، دروشمی حزبی رزگاری و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بوو ، دواتریش رۆشنبیران هه‌نگاویان بۆ هه‌ڵێنایه‌وه‌و بزاڤی راپرسیش توانی له‌و ریفراندۆمه نا فه‌رمیه‌ی که له 31ی کانوونی دووه‌می 2005 به‌ڕێوه‌چوو، رێژه‌ی 98% ده‌نگی به‌شدار بووان بۆ سه‌ربه‌خۆی وه‌ربگرێ ، ئه‌وانه‌ی به‌شدارییان کردبوو، سه‌ربه‌خۆییان په‌سندکردو ده‌نگیان بۆ جیابوونه‌وه له عێراق دا ، به‌ڵام مخابن ده‌سته‌ڵاتداران و سه‌رکردایه‌تی هێزه سیاسیه باڵا ده‌سته‌کانی کوردستان هیچ پێوانه‌یه‌کیان بۆ ده‌نگی کوردستانان نه‌کرد ، زۆر له‌خۆبردووانه و شێلگیرانه هه‌وڵی دامه‌زراندنه‌وه‌ی عێراقیان دا، خه‌ڵکی کوردستانیان هه‌ناسه سارد کرده‌وه ، که‌چی ئێستاش هه‌ر به ناوی گه‌لی کوردستانه‌وه قسه ده‌که‌ن و له جیاتی ئه‌وانه‌وه لێداوان ده‌ده‌ن و باس له یه‌کێتی و یه‌کپارچه‌یی خاکی عێراق ده‌که‌ن
ئێستا وێڕای ناکام مانه‌وه‌ی مادده‌ی 140 ، وێڕای ئه‌وه‌ی کاری راستین و به‌رهه‌مدار بۆ ئاسایی کردنه‌وه‌ی ره‌وشی که‌رکوک و ناوچه دابڕاوه‌کانی دیکه نه‌کراوه ، وێڕای ئه‌وه‌ی که کاربه‌ده‌ستانی به‌غداد به پشتیوانی ئه‌مریکا خۆیان له کێشه‌ی کوردستان ، به تایبه‌تیش پارێزگاری که‌رکوک ده‌ده‌زنه‌وه ، که‌چی راگه‌یاندنی ده‌سته‌ڵاتداران باس له سه‌رکه‌وتنی دیبلۆماسی خۆیان ده‌کات و وا پێشان ده‌ده‌ن که ته‌واوی هه‌وڵ و کۆششی خۆیان بۆ سه‌رخستنی ئه‌و کێشه‌یه ده‌کارکردووه
له واری کرده‌ییدا ده‌سته‌ڵاتدارانی کوردستان نه‌ک هه‌نگاو بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵناگرنه‌وه ، به‌ڵکو له راگه‌یاندنه‌کانیاندا هه‌وڵی خاپاندنی کوردستانیان ده‌ده‌ن و له‌بار نه‌بوونی ره‌وشی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی و دراوسێکان گه‌وره ده‌که‌نه‌وه ، وه‌ک بیانۆو پاساو ده‌رخواردی خه‌ڵکی ده‌ده‌ن و خۆیان له سه‌ربه‌خۆیی ده‌دزنه‌وه . مخابن هه‌ندێک له‌وان له جیاتی خه‌بات بۆ سه‌ربه‌خۆیی بکه‌ن ، که‌چی زۆر شێلگیرانه کار بۆ ئه‌وه ده‌که‌ن که ناوه‌کانیان له‌سه‌ر شه‌قام و کۆڵان و زانکۆ و شوێنه گشتیه‌کانی وڵاتانی دیکه دابنرێ ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌زاران هه‌زار دۆلار ته‌خشان و په‌خشان ده‌که‌ن ، ئێستا کار گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی که هه‌ندێ سه‌رکرده بودجه‌ی کراوه‌ی بۆ ئه‌وه ته‌رخان کردووه تا ناوه‌که‌ی له لیستی به‌رئه‌ندامانی خه‌ڵاتی نۆبێلی ئاشتی دابنرێ . ئێستا بزاڤێکی نهێنی ده‌ستکراوه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته راسپێردراوه ، پێوه‌ندی به که‌سایه‌تی و لایه‌نه‌کانی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه ده‌که‌ن ، خه‌ڵات و دیاری‌یان پێشکه‌ش ده‌که‌ن و داوایان لێده‌که‌ن تا ناوی فڵانه که‌س له لیستی به‌رئه‌ندامانی خه‌ڵاتی نۆبێلی ئاشتیدا ریزبه‌ندی بکرێ!! لێره‌دا وه‌کو تاکێکی کوردستانی مافی خۆمه بپرسم : ئایا جێگیربوونی ناوی سه‌رکرده‌یه‌ک له لیستی به‌رئه‌ندامانی خه‌ڵاتی ئاشتی نۆبێل له سه‌ربه‌خۆی گه‌وره‌تره ؟! ئایا ناساندنی حزبێک و سه‌رکرده‌یه‌ک له ناساندنی کێشه‌ی ره‌وای گه‌ل و نیشتمانێکی داگیرکراو پیرۆزتره ؟! ناچارم و راشکاوانه ده‌ڵێم : سه‌رمایه‌ی گه‌ل و نیشتمانێک ده‌بێ بۆ خۆشبه‌ختی و به‌خته‌وه‌ری گه‌له‌که‌ی و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی نیشتمانه‌که‌ی ته‌رخان بکرێ ، ده‌بێ له پڕۆسه‌ی به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی ده‌کار بکرێ ،به‌ڵام تاوانێکی نه‌به‌خشراوه ئه‌گه‌ر ئه‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌ی نیشتمان بۆ ته‌کانه‌یی سه‌رکرده‌کان و بۆ پیاهه‌ڵدانی حزب و بۆ ریزبه‌ندی ناوی ئه‌وان له لیستی به‌رئه‌ندامانی خه‌ڵاتی نۆبێلی ئاشتی به‌فیڕۆ بدرێ . من هیوادارم که سه‌رکرده‌کانی کوردستان ئاوڕێک له مێژووی سه‌رکرده‌و دیکتاتۆر وفه‌رمانڕه‌وا ملهوڕه‌کانی وڵاتان بده‌نه‌وه ، ئه‌وانه‌ی سه‌روه‌ت و سامانی بێ ژمارو پێوانه نه‌کراویان کۆکردبۆوه ، به‌ڵام به فووی توڕه‌یی جه‌ماوه‌ر گلۆره‌یان که‌وته لێژی و هیچیان بۆ نه‌ماویه‌وه
ناوی ئه‌و سه‌رکرده‌و حزبانه له مێژوودا به نه‌مری ده‌مێنێته‌وه که خۆبه‌خش و خۆنه‌ویستانه له پێناو دۆزی ره‌وای گه‌ل و نیشتمانه‌که‌یاندا تێده‌کۆشن . نه‌وه‌ی داهاتووش یادی ئه‌و سه‌رکردانه ده‌کاته‌وه‌و رێزیان لێده‌گرێ که به‌خته‌وه‌ری و ئاسووده‌یی بۆ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌که‌یان ده‌که‌نه ئامانج و هه‌رگیز بیر له خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردن و سامان کۆکردنه‌وه ناکه‌نه‌وه